عیشق و ئازادی
ئه‌گه‌رچی شه‌و دره‌نگه ساقی بۆم تێکه که‌مێکی تر
که‌وا ئه‌مشه‌و سه‌ری هه‌ڵدا له ناخمدا خه‌مێکی تر
له باده ئه‌م ژه‌مه تێر که منی تینووی جگه‌ر سووتاو
به چی دیاره که ده‌یبینم شه‌وێکی تر، ژه‌مێکی تر!
ئه‌وه‌نده ده‌رده‌دار و بێ په‌رستارم که پێم وایه:
له سه‌ر کێکی ته‌مه‌ن هه‌ڵناکرێ تازه شه‌مێکی تر
گه‌لێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرن ڕابوارد، ئاخۆ
مه‌رگ مه‌ودا ده‌دا دیسان ببینم سه‌رده‌مێکی تر!
گه‌یشتمه سه‌ر ترۆپکی ئاره‌زوو ڕۆژێ، که‌چی ڕوانیم:
له پێشمدایه زه‌رد و ماه و سه‌خت و ئه‌سته‌مێکی تر
هه‌تا چارشێو به سه‌ر تۆوه ده‌بینم نازه‌نینی کورد
به سه‌ر بیبیلـه‌که‌ی چاوی منا ده‌کشێ ته‌مێکی تر
نه‌ما (خانی) هه‌تا چیرۆکی عیشقی ئێمه داڕێژێ
ده‌نا هێشتا له کوردستان ده‌ژین (زین و مه‌م)ێکی تر
په‌پووله‌ی خۆشه‌ویستیی من له شوێنێ ناگرێ ئارام
ده‌نیشێ و باڵی ده‌بزێوێ له سه‌ر سینه و مه‌مێکی تر
هه‌زار هێنده په‌رێشان و سیاچاره بژیم هێشتا
له نێو دڵدا هه‌مه ئاواتی خاڵ و په‌رچه‌مێکی تر
هه‌تاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئه‌گه‌ر بێجگه له ناکامییش نه‌بینم به‌رهه‌مێکی تر
که فرمێسکم له سه‌ر ڕۆخساری کیژی دڵشکاو بینی
گوتم: یاخوا له‌سه‌ر سوورگوڵ نه‌بینم شه‌ونمێکی تر
شه‌ویکی چاوه‌نواڕت بووم، نه‌هاتی گیانه‌که‌م، ویستت
منی دڵناسکی شاعیر بگێڕم ماته‌مێکی تر
(خدر) نیم بۆ ته‌مه‌ن شێت بم به کانیی ژینێدا نووسێم
ئه‌ونده‌م ژین ده‌وێ تا ده‌م ده‌نێمه نێو ده‌مێکی تر
به تۆ چاره‌ی چلـۆن ده‌کرێ ده‌روونی پڕ له ناسۆرم
خه‌ساری بۆ ده‌که‌ی دوکتۆری زانا مه‌رهه‌مێکی تر
به‌هار و گوڵ، کچ و مانگه‌شه‌و و، شیعری ته‌ڕ و باده
له‌وه‌ی زیاتر جه‌نابی شێخ گه‌ره‌کته عاله‌مێکی تر؟
مامۆستا هێمن
زارا حه‌یران
پێشه‌کی:" زارا قداره" ناسراو به " زارا حه‌یران" ته‌مه‌نێکه له شاری شنۆیه حه‌یرانه. "حه‌یران" هه‌ر له کۆنه‌وه تێکه‌ڵاوی داب و نه‌ریتی نه‌ته‌وه‌که‌ی بووه. حه‌یران له نێو کچه جوانه‌کان، کوڕه گه‌نجه‌کان و به‌ساڵاچووه‌کانی شنۆ و ده‌ورو به‌ردا، گه‌لێ خۆشه‌ویست و به ناوبانگه.
زارا حه‌یران نزیک به چل ساڵه، به‌ربووکیی پیشه‌یه‌تی. حه‌یرانیان بۆیه خۆشده‌وێ، به زمانێکی گه‌لێک ئاشکرا، ڕووت و ڕه‌وان، وه‌کوو زمانی شێخه‌که‌ی تاڵه‌بان ده‌دوێ. ئه‌و "بابان وێرانه" له گیروگرفتی ئاڵۆزی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بگره تا ده‌گاته سێکس و ئامۆژگارییه‌کانی تر، ده‌په‌یڤێ و چ بوێرانه‌ش.
له لایه‌کی تره‌وه بۆیه به ناوبانگه، چوونکه تاقانه‌یه. مامۆستایی و لێوه‌شاوه‌یی له ئیش و کاری به‌ربووکیدا، حه‌یرانی له ناوچه‌ی شنۆ و سنووره‌کانی سه‌ر به ده‌شتی مه‌رگه‌وه‌ڕ، لاجان و سندووسدا کردۆته تاقانه.
تۆ بڵێی که‌سێ هه‌بێ له‌وێندرێ، نه‌که‌وتبێته به‌ر لاتاوی حه‌یران و به ده‌یان جار "بابان کڵۆڵ نه‌بووبێ، سه‌ری به‌تاشین و که‌پۆی به‌بڕین نه‌چووبێ، قڕانی له منداڵان نه‌که‌وتبێ و ماڵی وێران نه‌بووبێ"؟
زارا ژنێکی مه‌کته‌ب نه‌دیده و نه‌خوێنده‌واره، به‌ڵام له قوتابخانه‌ی کۆمه‌ڵگادا گه‌لێک ده‌رسان فێر بووه و کۆڵێک ئه‌زموونیشی که‌ڵه‌که کردووه. کاتێک باسی ئیش و کاری به‌ربووکی و زه‌ماوه‌ند ده‌کا، به شێوه‌ی خۆی ڕابردوو و ئێستا لێک جیا ده‌کاته‌وه، به ته‌رازوی به‌ربووکانه‌ی هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنێ و جاروباریش ئاکامی دڵخوازی خۆی لێ هه‌ڵدێنجێ.
کاتێک به‌ربووکیی و داب و نه‌ریتی زه‌ماوه‌ند به شێوه‌ی کلاسیکی خۆی، له ڕه‌وتی ئاڵوگۆڕی زه‌ماندا جێی پێی له‌ق ده‌کرێ و له ناو خه‌ڵکدا باوی نامێنێ، حه‌یران به گژ خه‌ڵک و زه‌ماندا ده‌چێ و خۆی له پاڵ ڕابردوودا ده‌دۆزێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به وشیاریی هه‌ست پێده‌کا که "ته‌لێفوون و کتێب" ته‌نگیان به به‌ربووکی و حه‌یران هه‌ڵچنیوه و ئیدی ڕمێنی جارانی نه‌ماوه و تا دێ به‌ره‌و په‌راوێزی کۆمه‌ڵگا ده‌خزێت، بۆیه به توندی هێرش ده‌باته سه‌ر سه‌رده‌می نوێ و که‌ره‌سه‌کانی. ڕێک وه‌کوو جارانی سه‌رکێشێی، که به گژ ڕابردوو و داب و ڕێوشوێنی به هێز و گیان سه‌ختی کۆمه‌ڵگادا ده‌چوو که ده‌یانویست که‌وی که‌ن. به‌ڵام ئه‌و به‌ڕوویاندا ده‌ته‌قییه‌وه و له‌سه‌ر غه‌درێک که مێرده‌که‌ی لێی کردبوو، "ده‌یداته به‌ر شه‌ق و خۆێ پێ به ته‌ڵاقدان ده‌دا."
له‌وانه‌یه ئه‌و ئازایه‌تییه‌ی حه‌یران له سه‌رده‌می خۆی و به‌شێوه‌ی خۆی بێ وێنه، یان که‌م وێنه بووبێت. به‌گژ کۆمه‌ڵگای پیاواندا چوون له سه‌رده‌می "حه‌یران"دا ته‌نیا له توانای ژنانی هه‌ڵبژارده‌ی ده‌گمه‌نی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بووه که بێگومان زارا حه‌یران یه‌کێک له‌وان بووه.
زارا حه‌یران، ڕازێکی سه‌رگه‌ردانه. له‌و وتووێژه‌دا که به ڕێگای ته‌لێفوون، نامه و شریتی ڤیدیۆییه‌وه کراوه، ئه‌و" بابان وێرانه" له خه‌مه‌کانی ده‌دوێ و په‌رده له‌سه‌ر هه‌ندێ بابه‌تی بڤ لاده‌دا.
دریژه‌ی بابه‌ت ...
بواری دڵ
دڵم،
ڕچه‌یه‌کم بۆ ده‌شکێنێ
که ناوێرم خۆی لێده‌م،
ڕێگه‌ی ماڵێک ده‌گرێته به‌ر
که ناوێرم له ده‌رکه‌ی ده‌م،
ئه‌وینێکم پێده‌ناسێنێ
له ڕووم هه‌ڵنایه بیدوێنم،
له ئاوێک ده‌دا
بواری په‌ڕینه‌وه‌م نادا.
ده‌ڵێی دڵم
له سینه‌مدا هه‌ڵناکا!
دڵه!
هێدی به‌و لێم هه‌ڵمه‌بڕه!
به له‌ز مه‌ڕۆ، سه‌ر هه‌ڵمه‌گره!
مژی غه‌ریبیی خه‌سته
به هه‌ناسه‌ی تۆ نه‌بێ ناڕه‌وێ
له‌و هه‌واره سارد و سڕه جێم مه‌هێڵه!
بمبووره که تووشی نه‌هاتییم کردی
به‌داخه‌وه‌م که ئامانجت نه‌هاته دی
به‌ڵام گیانه!
دوا هه‌واری منیش کوردستانه
نه من به بێ تۆ لێره هه‌ڵده‌که‌م
نه تۆ به بێ من له‌وێ هه‌ڵده‌که‌ی.