زارا حه‌یران
تۆ بڵێی که‌سێ هه‌بێ له‌وێندرێ، نه‌که‌وتبێته به‌ر لاتاوی حه‌یران و به ده‌یان جار "بابان کڵۆڵ نه‌بووبێ، سه‌ری به‌تاشین و که‌پۆی به‌بڕین نه‌چووبێ، قڕانی له منداڵان نه‌که‌وتبێ و ماڵی وێران نه‌بووبێ"؟ زارا ژنێکی مه‌کته‌ب نه‌دیده و نه‌خوێنده‌واره، به‌ڵام له قوتابخانه‌ی کۆمه‌ڵگادا گه‌لێک ده‌رسان فێر بووه و کۆڵێک ئه‌زموونیشی که‌ڵه‌که کردووه. کاتێک باسی ئیش و کاری به‌ربووکی و زه‌ماوه‌ند ده‌کا، به شێوه‌ی خۆی ڕابردوو و ئێستا لێک جیا ده‌کاته‌وه، به ته‌رازوی به‌ربووکانه‌ی هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنێ و جاروباریش ئاکامی دڵخوازی خۆی لێ هه‌ڵدێنجێ. کاتێک به‌ربووکیی و داب و نه‌ریتی زه‌ماوه‌ند به شێوه‌ی کلاسیکی خۆی، له ڕه‌وتی ئاڵوگۆڕی زه‌ماندا جێی پێی له‌ق ده‌کرێ و له ناو خه‌ڵکدا باوی نامێنێ، حه‌یران به گژ خه‌ڵک و زه‌ماندا ده‌چێ و خۆی له پاڵ ڕابردوودا ده‌دۆزێته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به وشیاریی هه‌ست پێده‌کا که "ته‌لێفوون و کتێب" ته‌نگیان به به‌ربووکی و حه‌یران هه‌ڵچنیوه و ئیدی ڕمێنی جارانی نه‌ماوه و تا دێ به‌ره‌و په‌راوێزی کۆمه‌ڵگا ده‌خزێت، بۆیه به توندی هێرش ده‌باته سه‌ر سه‌رده‌می نوێ و که‌ره‌سه‌کانی. ڕێک وه‌کوو جارانی سهرکێشێی، که به گژ ڕابردوو و داب و ڕێوشوێنی به هێز و گیان سه‌ختی کۆمه‌ڵگادا ده‌چوو که ده‌یانویست که‌وی که‌ن. به‌ڵام ئه‌و به‌ڕوویاندا ده‌ته‌قییه‌وه و له‌سه‌ر غه‌درێک که مێرده‌که‌ی لێی کردبوو، "ده‌یداته به‌ر شه‌ق و خۆێ پێ به ته‌ڵاقدان ده‌دا." له‌وانه‌یه ئه‌و ئازایه‌تییه‌ی حه‌یران له سه‌رده‌می خۆی و به‌شێوه‌ی خۆی بێ وێنه، یان که‌م وێنه بووبێت. به‌گژ کۆمه‌ڵگای پیاواندا چوون له سه‌رده‌می "حه‌یران"دا ته‌نیا له توانای ژنانی هه‌ڵبژارده‌ی ده‌گمه‌نی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بووه که بێگومان زارا حه‌یران یه‌کێک له‌وان بووه. زارا حه‌یران، ڕازێکی سه‌رگه‌ردانه. له‌و وتووێژه‌دا که به ڕێگای ته‌لێفوون، نامه و شریتی ڤیدیۆییه‌وه کراوه، ئه‌و" بابان وێرانه" له خه‌مه‌کانی ده‌دوێ و په‌رده له‌سه‌ر هه‌ندێ بابه‌تی بڤ لاده‌دا. |